06/09/2026
کەلتوور و نەریت لە باشووری کوردستان، وەک تۆڕێکی ئاڵۆزی ئەزموونی مێژوویی و ڕەفتاری کەڵەکەبوو، سەرەتاییترین نەخشەی ناسینەوەی جیهان بە تاک دەبەخشن؛ بەڵام کاتێک نۆرم و تێگەیشتنە باوەکان لە بری کراوەیی ڕووبەڕووی لۆژیک و زانست دەبنەوە، نەریت لە ئامرازێکی پاراستنی ناسنامەوە دەگۆڕێت بۆ قەڵغانێکی پتەو بۆ بەبەستووهێشتنەوەی وەهمی زانین و شاردنەوەی بێئاگاهی. گرفتە قووڵەکە لەوەدا نییە کە زانیاریمان کەمە، بەڵکو لەوەدایە کە هەندێک تێگەیشتنی هەڵە بە درێژایی دەیان ساڵ بوونەتە بەشێک لە نەریتی ڕۆژانە و پیرۆزیی کۆمەڵایەتییان پێ بەخشراوە.
لە واقیعی کۆمەڵگەی ئێمەدا، ئەم ناکۆکییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ تەندروستیی گشتی و بەڕێوەبردنی ژینگەییدا بە ڕوونی ڕەنگ دەداتەوە:
شێوازی نەریتیی سەربڕین و دابەشکردنی گۆشت: لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستاندا، سەربڕینی ئاژەڵ لە سەر شەقام، کۆڵان و حەوشەی ماڵان بەبێ پشکنینی پزیشکی، هێشتا وەک ڕەسەنایەتی یان نیشانەی میوانداری دەبینرێت. ئەم ڕەفتارە ڕاستەوخۆ ژینگە دەکاتە مۆڵگەی گەشەکردنی کێچ و گەنە، کە گوێزەرەوەی سەرەکین بۆ نەخۆشییە کوشندەکانی وەک "تای خوێنەربوون"، لە کاتێکدا جێبەجێکردنی بڕیاری پزیشکی و بەکارهێنانی کوشتارگە هاوچەرخەکان وەک ڕێگری لە نەریت سەیر دەکرێت.
تێگەیشتنی چەواشە لە بەرهەمە شیرییەکان: فرۆشتن و بەکارهێنانی شیر و پەنیری ناپەستەرکراو بەو پاساوەی کە "خۆماڵییە و سروشتییە"، دەروازەی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی پەتای "تای مەڵتا" (بڕوسێلۆسس) بووە. باوەڕی باوی "کوڵاندنی کەم یان تامەکەی تێکدەچێت" دەبێتە هۆی ئەوەی ساڵانە سەدان کەس دووچاری ئێش و ئازاری جەستەیی درێژخایەن ببنەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی زانستی پزیشکی لە بەردەم لۆژیکی "پێشینانمان هەر وا بوون" پاشەکشەی پێ دەکرێت.
تێکدانی سەرچاوەکانی ئاو و ڕاوکردنی وێرانکەر: بەکارهێنانی بەرق، دەرمانی کیمیایی، یان تەقەمەنی بۆ ڕاوکردنی ماسی لە ڕووبارەکانی وەک زێی گەورە، زێی بچووک و سیروان، یان فڕێدانی پاشماوەی کارگە و ئاوەڕۆکان بۆ ناو ئەم سەرچاوە ئاوییانە، بە نۆرمێکی ئاسایی سەیر دەکرێت. ئەم ڕەفتارانە نەک هەر زنجیرەی خۆراکیی ماسی و بوونەوەرە ئاوییەکانی داڕوخاندووە، بەڵکو ئاوی خواردنەوەی مرۆڤیشی بە دەرمانی زیانبەخش ژەهراوی کردووە.
زیانگەیاندن بە ژینگەی ئاژەڵە کێوییەکان: کوشتنی بێباکانەی مار و بالندە کێوییەکان و جۆرەکانی تر بەپانوپۆڕی، بەپاساوی "زیانبەخش بوون"، هاوسەنگیی سروشتیی گوند و شارەکانی تێکداوە.
کەمبوونەوەی مار و باڵندە ڕاوکەرەکان بووەتە هۆی زیادبوونی بێئەندازەی جرج و مێرووە زیانبەخشەکان، کە دواتر دەبنە هۆی تێکدانی بەرهەمی کشتوکاڵی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی نوێ.
پێدانی هەڕەمەکیی دەرمان و ئەنتیبیۆتیک لە ئاژەڵداریدا: لە بەخێوکردنی پەلەوەر، ماسی، و مەڕوماڵاتدا، بەکارهێنانی دەرمان و ئەنتیبیۆتیک بەبێ ڕێنمایی پزیشکی و بەپێی ئەزموونی کەسیی خاوەن کێڵگەکان، بووەتە هۆی دروستبوونی بەرهەمی گوێزەرەوەی باکتریای بەرگریکار لە دەرمان. کاتێک مرۆڤ ئەم بەرهەمانە دەخوات، سیستەمی بەرگریی جەستەی لە بەردەم نەخۆشییەکاندا بێدەسەڵات دەبێت.
تەندروستیی مرۆڤی کورد، سەلامەتیی بوونەوەران و پاراستنی سروشتی کوردستان، سێ لایەنی یەک حەقیقەتی دانەبڕاون کە ناكرێت لە یەکتری جیا بکرێنەوە. شارستانیبوونی ڕاستەقینە بۆ باشووری کوردستان لە پاراستنی کوێرانەی گشت بەها کۆنەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە ئازایەتیی فکریدایە بۆ ڕەخنەگرتن لەو نەریتانەی زیان بە ژیان دەگەیەنن. کاتێک کۆمەڵگەکەی ئێمە دەگاتە ئەو ئاستەی وەهمی زانین بشکێنێت و زانست بکاتە پێوەری مامەڵەکردن لەگەڵ جیهانی دەوروبەریدا، ئەو کاتە کەلتوور دەبێتە هۆی گەشەکردن و ئاوەدانکردنەوەی ڕاستەقینە، نەک پەردەیەک بۆ شاردنەوەی هەڵە جێگیربووەکان.
وێنەکەش لەگەڵ مەیلی جوانە.