Hawler Psychiatric Hospital-نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر

  • Home
  • Iraq
  • Irbil
  • Hawler Psychiatric Hospital-نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر

Hawler Psychiatric Hospital-نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر نەخۆشخانەیەکی حکومی فەرمیە بۆ چارەسەری نەخۆشیە دەروونیەکان

بەناوی بەڕێوەبەرایەتی و کارمەندانی نەخۆشخانەی دەروونیی ھەولێر پرسە و سەرەخۆشی لە بنەمالەی خوالێ خۆشبێت  ( فارس عبداللە )...
27/08/2026

بەناوی بەڕێوەبەرایەتی و کارمەندانی نەخۆشخانەی دەروونیی ھەولێر پرسە و سەرەخۆشی لە بنەمالەی خوالێ خۆشبێت ( فارس عبداللە ) دەکەین دەکاتە برای تحسین عبداللە شوفێر لە نەخۆشخانەکەمان بەروار٢٧ / ٨ /٢٠٢٦ یەکەم ڕۆژی پرسەکەیتی لە مزگەوتی ڕوژدی قساب تەنیشت نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوا

هۆشیارکردنەوە و پاراستنی جەستەیی منداڵدکتۆر مەهدی محەمەد—————————————١. ئاشناکردنی منداڵ بە جەستە و سنوورەکانی📌یاسای جلی...
22/08/2026

هۆشیارکردنەوە و پاراستنی جەستەیی منداڵ

دکتۆر مەهدی محەمەد
—————————————

١. ئاشناکردنی منداڵ بە جەستە و سنوورەکانی

📌یاسای جلی ژێرەوە (The Underwear Rule): بە زمانێکی سادە پێیان بڵێ کە ئەو بەشانەی جەستە کە بە جلی ژێرەوە دادەپۆشرێن، تایبەتن و موڵکی خۆیانن. جگە لە دایک و باوک (لە کاتی پێویستدا) یان پزیشک (بە ئامادەبوونی خێزان)، هیچ کەسێک بۆی نییە سەیریان بکات یان دەستیان لێ بدات.

📌بەکارهێنانی ناوی دروست و زانستی: لەبری بەکارهێنانی ناوی خوازراو و منداڵانە، ناوی دروستی ئەندامەکانی جەستەیان فێر بکە. ئەمە شەرمیان دەڕەوێنێتەوە و لە کاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا، دەتوانن بە ڕوونی و بێ پێچوپەنا باسی بکەن.

📌دەستلێدانی باش و دەستلێدانی خراپ: جیاوازییەکانیان بۆ ڕوون بکەرەوە ،دەستلێدانی باش وەک لەباوەشگرتنی دایک و باوکە کە هەستی ئارامییان پێدەبەخشێت، دەستلێدانی خراپیش هەر دەستلێدانێکە کە وا دەکات هەست بە ناڕەحەتی، شەرم، یان ترس بکەن.

٢. چەسپاندنی مافی سەربەخۆیی جەستەیی

📌مافی ڕەتکردنەوە (Consent): منداڵەکە فێر بکە کە مافی تەواوی هەیە باوەش یان ماچی خزم و دۆستان ڕەت بکاتەوە ئەگەر خۆی ئارەزووی نەکرد.

📌هەرگیز ناچاریان مەکە بۆ ڕازیکردنی دەوروبەر پێشێلی سنووری جەستەی خۆیان بکەن، ئەمە فێریان دەکات کە خۆیان خاوەنی بڕیارن لەسەر جەستەیان.

٣. یاسای هاوار بکە، ڕابکە، قسە بکە

پێویستە ئەم سێ هەنگاوە وەک یاسایەکی نەگۆڕ فێری منداڵ بکرێت لە کاتی هەستکردن بە مەترسی:

📌هاوار بکە: پێیان بڵێ ئەگەر کەسێک بە شێوەیەکی نەگونجاو دەستی لێدان یان هەوڵی ئازاردانی دان، با بە بەرزترین دەنگ بڵێن: «نەخێر!» یان «دەستم لێ مەدە!». دڵنیایان بکەرەوە کە لەو کاتەدا دەنگ بەرزکردنەوە ئازایەتییە و هەرگیز لێیان تووڕە نابن.

📌ڕابکە: دەستبەجێ ئەو کەسە و ئەو شوێنە جێبهێڵن و بەرەو شوێنێکی قەرەباڵغ و ئارام ڕابکەن.

📌قسە بکە: ڕاستەوخۆ دایک، باوک، مامۆستا، یان کەسێکی جێی متمانە ئاگادار بکەنەوە. با بزانن نابێت کۆڵ بدەن تا ئەو کاتەی کەسێکی گەورە بەتەواوی گوێیان لێ دەگرێت و بە هانایانەوە دەچێت.

٤. هەڵوەشاندنەوەی چەمکی نهێنیی خراپ بەرامبەر سوپرایز

دەستدرێژیکاران زۆرجار چەمکی نهێنی بەکاردەهێنن بۆ بێدەنگکردنی قوربانییەکە:

📌هەرگیز نابێت نهێنییەکی شاراوە لەگەڵ کەسانی گەورەدا بپارێزن، بەتایبەت ئەگەر پێیان وترابێت: «ئەمە با تەنها لە نێوان خۆماندا بێت و بە کەسی مەڵێ».

📌پێویستە منداڵ جیاوازیی نێوان سوپرایز (کە دڵخۆشکەرە و کاتییە، وەک دیاریی ڕۆژی لەدایکبوون) و نهێنیی خراپ (کە کەسێک دەڵێت نابێت بە دایک و باوکت بڵێیت و هەستی ترس دروست دەکات) بزانێت.

٥. چی بکەیت ئەگەر منداڵەکەت بابەتێکی بۆ ئاشکرا کرد؟

ئەگەر منداڵەکەت باسی ڕووداوێکی نەخوازراوی کرد، کاردانەوەی یەکەمت چارەنووسسازە بۆ تەندروستیی دەروونیی ئەو:

📌بە هێمنی بمێنەرەوە: کاردانەوەی توند و شڵەژانی زۆر وا دەکات منداڵەکە بترسێت و لە قسەکردن پەشیمان ببێتەوە.

📌بڕوای پێ بکە و پشتگیریی بکە: منداڵان زۆر بە دەگمەن لەم بابەتانەدا درۆ دەکەن. پێی بڵێ: «من بڕوات پێ دەکەم، و تۆ هیچ کارێکی هەڵەت نەکردووە»، تاوانەکە هەرگیز ناخرێتە پاڵ قوربانی.

📌لێکۆڵینەوە مەکە: تۆ پزیشکی دادوەری یان پۆلیس نیت !زۆر پرسیارکردن (وەک: چۆن؟ کەی؟ بۆچی پێمانت نەوت؟) منداڵەکە دەخاتە ژێر فشاری دەروونیی توندەوە و لەوانەیە وردەکارییەکانی لەبیر بچێتەوە. تەنها بە سۆزەوە گوێی لێ بگرە.

📌بە زووترین کات پەنا ببە بۆ لایەنی پەیوەندیدار: سەردانی سەنتەرەکانی پاراستنی منداڵان، پزیشکی دەروونیی منداڵان، و لایەنە یاساییەکان بکە بۆ هەڵسەنگاندن و گرتنەبەری ڕێکاری دروست.

چەند بیر و باوەڕێکی ناڕاست و چەوت دەربارەی نەخۆشیە دەروونیەکان و ڕاست کردنەوەیان.د. مەهدی ——————-سەرەڕای ئەو پێشکەوتنە ب...
06/08/2026

چەند بیر و باوەڕێکی ناڕاست و چەوت دەربارەی نەخۆشیە دەروونیەکان و ڕاست کردنەوەیان.
د. مەهدی
——————-
سەرەڕای ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەی لە بوارەکانی پزیشکی و تەکنەلۆژیادا بەدی هاتووە، هێشتا تەندروستیی دەروونی بە کۆمەڵێک ئەفسانە و تێگەیشتنی چەوت دەورە دراوە، کە کاریگەریی نەرێنییان هەیە لەسەر شێوازی مامەڵەکردنی کۆمەڵگە لەگەڵ تێکچوونە دەروونییەکان. ئەم زانیارییە نادروستانە دەبنە هۆی قووڵبوونەوەی نەنگیی (وصمة) کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردن لە زۆر کەس بۆ گەڕان بەدوای چارەسەردا، کە لەبری زوو چارەسەرکردنیان، دەبێتە هۆی ئاڵۆزتربوونی گرفتە دەروونییەکان.

لەم وتارەدا، پەردە لەسەر ١٠ باوترین ئەو ناڕاستیانە لادەدەین کە پەیوەستن بە تەندروستیی دەروونییەوە و ڕاستییە زانستییەکان بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم بیروباوەڕە چەوتانە دەخەینە ڕوو، بۆ ئەوەی پێکەوە هۆشیاری بڵاو بکەینەوە و تێگەیشتنێکی قووڵ تر و دروست تر بۆ تەندروستیی دەروونی بنیات بنێین.

١. هەڵەی یەکەم: تەنیا کەسە لاوازەکان تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبن.
📌 ڕاستیی زانستی:
تەندروستیی دەروونی هیچ پەیوەندییەکی بە هێز یان لاوازیی کەسایەتییەوە نییە ، بەڵکو حاڵەتێکی پزیشکییە کە هۆکارە بایۆلۆژی، ژینگەیی و دەروونییەکان کاریگەرییان لەسەری هەیە. هەر مرۆڤێک، بێ گوێدانە هێزی عەقڵی یان پێگەی کۆمەڵایەتی، لەوانەیە بەهۆی فشارەکانی ژیان، هۆکارە بۆماوەییەکان، یان گۆڕانکاری لە کیمیای مێشکیدا، ڕووبەڕووی تێکچوونێکی دەروونی ببێتەوە.

٢. هەڵەی دووەم: دەتوانیت تەنیا بە هێزی ئیرادە نەخۆشیی دەروونی تێپەڕێنیت.
📌 ڕاستیی زانستی:
تێکچوونە دەروونییەکان تەنیا بارێکی کاتیی میزاج نین تا بتوانیت بە بیرکردنەوەی ئەرێنی یان کۆنترۆڵکردنی هەستەکانت لێیان ڕزگار بیت. چەندین حاڵەتی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ بەستراونەتەوە بە گۆڕانکارییە کیمیاییەکانی مێشکەوە، و بەپێی قورسیی دۆخەکە، پێویستیان بە دەرمان و چارەسەری دەروونی هەیە.

٣. هەڵەی سێیەم: نەخۆشییە دەروونییەکان دەگمەن و کەمن لە کۆمەڵگادا!
📌 ڕاستیی زانستی:
نەخۆشییە دەروونییەکان زۆر لەوە باوترن کە زۆرینەی خەڵک بیری لێ دەکەنەوە. حاڵەتەکانی وەک دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، و تێکچوونی فشاری دەروونیی پاش کارەسات (PTSD) لە ڕیزبەندیی پێشەوەی باوترین حاڵەتەکانن. ئەمەش پێویستیی زیاترکردنی هۆشیاری دەسەلمێنێت،

٤. هەڵەی چوارەم: منداڵان و هەرزەکاران بەدوورن لە کێشەی دەروونی
📌ڕاستیی زانستی:
تەنیا بابەتێک نییە تایبەت بێت بە پێگەیشتووان ، منداڵان و هەرزەکارانیش لەوانەیە بەدەست تێکچوونەکانی وەک دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، و فرەجووڵەیی و کەمیی سەرنج (ADHD)ەوە بناڵێنن. پشتگوێخستنی ئەم نیشانانە لەم قۆناغە هەستیارەدا، دەکرێت لە داهاتوودا ببێتە هۆی گرفتی گەورەتر کە ڕەنگدانەوەی نەرێنییان لەسەر ئاستی خوێندن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان دەبێت.

٥. هەڵەی پێنجەم: پشتیوانیی خێزان بەسە و پێویست بە چارەسەری دەروونی ناکات.
📌ڕاستیی زانستی:
هەرچەندە پاڵپشتیی سۆزداریی خێزان و هاوڕێیان گرنگ و بنەڕەتییە، بەڵام هەرگیز جێگەی چارەسەری پسپۆڕانە ناگرێتەوە. گرفتە دەروونییەکان پێویستیان بە پسپۆڕانی بوارەکە هەیە کە شێوازە زانستییە سەلمێنراوەکان بەکار دەهێنن، وەک چارەسەری ڕەفتاریی مەعریفی (CBT)، هەروەها لە هەندێک حاڵەتیشدا بەکارهێنانی چارەسەری دەرمانی.

٦. هەڵەی شەشەم: دەرمانە دەروونییەکان دەبنە هۆی ئالوودەبوون یان شێواندنی کەسایەتی
📌ڕاستیی زانستی:
دەرمانە دەروونییەکان تەنیا لەژێر چاودێریی پزیشکیدا دەدرێن بە نەخۆش، و ئامانج لێیان یارمەتیدانی مێشکە بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگییە کیمیاییەکەی ، ئەم دەرمانانە دەبنە هۆی باشترکردنی کوالێتیی ژیان، بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە کەسایەتیتدا دروست بکەن یان کۆنترۆڵی ڕەفتارەکانت لەدەست بدەیت.

٧. هەڵەی حەوتەم: نەخۆشە دەروونییەکان کەسانێکی توندوتیژ و مەترسیدارن
📌ڕاستیی زانستی:
بەپێچەوانەوە ، زۆربەی ئەو کەسانەی تێکچوونی دەروونییان هەیە هیچ جۆرە مەترسییەک نین بۆ سەر کۆمەڵگە. تەنانەت، ئەوان زۆرتر لە کەسانی ئاسایی ئەگەری هەیە ببنە قوربانیی توندوتیژی، نەک ئەوەی خۆیان سەرچاوەی توندوتیژییەکە بن.

٨. هەڵەی هەشتەم: تەندروستیی دەروونی گرنگیی کەمترە لە تەندروستیی جەستەیی
📌ڕاستیی زانستی:
تەندروستیی دەروونی و جەستەیی بە شێوەیەکی توندوتۆڵ پێکەوە گرێ دراون ،کێشە دەروونییەکان دەتوانن ڕاستەوخۆ ببنە هۆی تێکچوونی باری جەستەیی و بەپێچەوانەشەوە. بۆ نموونە، دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونیی درێژخایەن هۆکارن بۆ سەرهەڵدانی نەخۆشییەکانی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە دەبێت گرنگیدان بە تەندروستیی دەروونی، هاوتا بێت لەگەڵ گرنگیدان بە تەندروستیی جەستەیی.

٩. هەڵەی نۆیەم: دەربڕین و قسەکردن دەربارەی هەستەکان، دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات
📌ڕاستیی زانستی:
دەربڕینی هەستەکان و باسکردنی ئەو ئاڵەنگارییە دەروونییانەی ڕووبەڕووت دەبنەوە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ سووک کردنی بارگرانیی دەروونی و هەستکردن بە پاڵپشتیی سۆزداری. تەنانەت چارەسەری دەروونی بە پلەی یەکەم پشتی بەستووە بە دەربڕین و پەیوەندیکردن، بۆ ئەوەی بە قووڵی لە گرفتەکان تێبگەین و ستراتیژییەتی گونجاو بۆ تێپەڕاندنیان دابنێین.

١٠. هەڵەی دەیەم: تەنیا کاتێک پێویستم بە یارمەتییە کە دۆخەکەم گەیشتبێتە ئەوپەڕی سەختی!
📌ڕاستیی زانستی:
هەرچەندە زووتر و لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا چارەسەری بکرێت، ئەنجامەکەی خێراتر و کاریگەرتر دەبێت و پرۆسەکەش کەمتر ئاڵۆز دەبێت. چاوەڕێ کردن تا ئەو کاتەی نیشانەکان بە تەواوی سەخت دەبن، تەنیا کارەکە قورستر دەکات. لەبەر ئەوە، دەستوەردانی پێشوەختە باشترین بڕیارە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی دەروونی و جەستەیی.
تەندروستیی دەروونی هیچ کەمتر نییە لە تەندروستیی جەستەیی.

گەرمای هاوین و تەندروستی دەروونمان کاتێک پلەکانی گەرما مێشک و ڕەفتارمان ماندوو دەکەن د.مەهدی محمد ———————————————————📍کە...
23/07/2026

گەرمای هاوین و تەندروستی دەروونمان
کاتێک پلەکانی گەرما مێشک و ڕەفتارمان ماندوو دەکەن

د.مەهدی محمد
———————————————————
📍کە باسی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەکەین، زۆربەی کات بیرمان تەنیا بۆ لایەنە جەستەیییەکان دەچێت ، وەک تینوێتی، بێهێزی، یان سووتانی پێست لەژێر تیشکی خۆردا. بەڵام ئایا تا ئێستا بیرت لەوە کردووەتەوە کە بۆچی لە هاویناندا زووتر توڕە دەبین؟ بۆچی توانای بەرگەگرتنی دەمەقاڵێمان کەم دەبێتەوە و هەست بە جۆرێک لە خنکان و بێزاریی بەردەوام دەکەین؟

📍ڕاستییە زانستییەکە ئەوەیە کە گەرمای تاقەتپڕووکێن و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ، قورس و بایۆلۆژی لەسەر تەندروستیی دەروونی و دەماریی مرۆڤ جێدەهێڵێت.

📍مێشک لەژێر فشاری گەرمادا: زانست چی دەڵێت؟
پەیوەندی نێوان گەرما و دەروونی مرۆڤ بابەتێکی سەلمێنراوی ناوەندە پزیشکییەکانە. کاتێک ژینگەی دەرەوە زۆر گەرم دەبێت، چەندین گۆڕانکاریی بایۆلۆژی لە جەستەدا ڕوودەدەن کە کار دەکەنە سەر مەزاج (Mood) و ڕەفتارمان:

📌تێکچوونی هاوسەنگیی هۆرمۆنەکان (زیادبوونی کۆرتیزۆڵ): کاتێک پلەی گەرمیی دەرەوە بەرز دەبێتەوە، جەستە دەکەوێتە ژێر فشارێکی گەورە بۆ ڕێکخستنەوەی پلەی گەرمیی ناوەکی خۆی. لەم کاتەدا، ڕێژەی دەردانی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ (Cortisol) کە بە هۆرمۆنی سترێس ناسراوە، بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. ئەمەش وا دەکات مرۆڤ بەردەوام لە دۆخی ئامادەباشی، گرژی، و دڵەڕاوکێدا بێت.

📌کەمبوونەوەی هۆرمۆنی دڵخۆشی (سیرۆتۆنین): هەندێک توێژینەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە سیستەمی ڕێکخستنی پلەی گەرما لە مێشکدا (Hypothalamus) پەیوەندی بە دەردانی گواستەرەوە دەمارییەکانی وەک سیرۆتۆنینەوە هەیە. شێواوی لەم سیستەمەدا دەبێتە هۆی دابەزینی مەزاج و دروستبوونی هەستی خەمۆکی و بێتاقەتی.

📌تێک چوونی خەو و پشووی مێشک: مێشکی ئێمە بۆ ئەوەی بچێتە قۆناغی خەوی قووڵ و تەندروستەوە، پێویستی بەوەیە پلەی گەرمیی جەستە کەمێک دابەزێت. گەرمای شەوانە ڕێگری لەم پرۆسەیە دەکات. کەمخەوی بەردەوامیش یەکەم هۆکاری تێکچوونی تەرکیز، سەرلێشێوان، و نەمانی ئارامییە لە ڕۆژی دواتردا.

📌زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژی و دەمەقاڵێ: بەپێی توێژینەوەیەکی بەرفراوان کە لە گۆڤاری بەناوبانگی پزیشکی The Lancet بڵاوکراوەتەوە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و تەریب هەیە لە نێوان بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی، تاوان، و کێشە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە ئاستی ئارامگرتن (Impulse Control) لە مێشکدا کەم دەبێتەوە.

🛡 پلانی خۆپاراستنی دەروونی لە گەرمای تاقەتپڕووکێن
بۆ ئەوەی لەم وەرزی هاوینەدا هاوسەنگیی دەروونی خۆت بپارێزیت و نەهێڵیت گەرما کۆنتڕۆڵی ڕەفتارەکانت بکات، پێویستە ئەم ڕێنماییە زانستی و پراکتیکییانە پەیڕەو بکەیت:
📍ئاو خواردنەوە تەنیا بۆ جەستە نییە، بۆ مێشکیشە:
وشکبوونەوەی جەستە (Dehydration) تەنانەت بە ڕێژەیەکی کەمیش، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی لێشاوی خوێن بۆ مێشک، ئەمەش سەرئێشە، دڵەڕاوکێ و بێتاقەتی لێدەکەوێتەوە. چاوەڕێی تینوێتی مەکە ، بە درێژایی ڕۆژ ئاو و شلەمەنی تەندروست بخۆرەوە.

📍لۆژیکی بن لە دابەشکردنی وزەی ڕۆژانەتاندا:
مەبەست لەمە ئەوەیە کە کارە قورسەکان، بڕیارە گرنگەکان، گفتوگۆ هەستیارەکان، یان وەرزشکردن مەخەنە ئەو کاتانەی کە گەرما لە لووتکەدایە (سەعات ١٢ی نیوەڕۆ بۆ ٤ی ئێوارە). ئەم کاتانە مێشکت لەژێر فشاردایە،بۆیە کارەکانت بخەرە زووی بەیانی یان درەنگانی شەو.

📍سێبەر بۆ مێشکت دروست بکە (خۆپاراستن لە فشاری زانیاری):
کاتێک لە ژینگەیەکی گەرم دایت، مێشکت وزەیەکی زۆر بەکاردەهێنێت بۆ ساردکردنەوەی جەستە. لەم کاتانەدا، خۆت بە دوور بگرە لە تەماشاکردنی هەواڵی ناخۆش، سۆشیاڵ میدیای پڕ لە کێشە، یان بابەتە ئاڵۆزەکان. مێشکت پێویستی بە کەمکردنەوەی بارگرانی هەیە.

📍سیستەمی خۆراکی فێنککەرەوە و سووک:
خواردنی ژەمە قورس و چەورەکان پرۆسەی هەرسکردن قورس دەکەن، ئەمەش پلەی گەرمیی ناوەکی جەستە بەرزتر دەکاتەوە و وزەی مێشک کەم دەکاتەوە. زیاتر پشت ببەستە بە میوەکانی وەک شوتی، خەیار، سەوزەوات و ماست، کە دەوڵەمەندن بە ئاو و ڤیتامینەکان و یارمەتی جێگیرکردنی مەزاج دەدەن.

📍هۆشیاری دەروونی و چاودێریکردنی ڕەفتار (Self-Awareness):
کاتێک هەست دەکەیت بێهۆکار توڕەیت یان تاقەتی هیچ کەست نییە، کەمێک بوەستە و لە خۆت بپرسە: ئایا من بەڕاستی کێشەم هەیە، یاخود تەنیا گەرمامە؟.
ناسینەوەی سەرچاوەی بێتاقەتییەکە (کە گەرماکەیە) یارمەتیت دەدات کە تووڕەییەکەت بەسەر دەوروبەرەکەتدا بەتاڵ نەکەیتەوە.

وەسواسیی کۆنترۆڵنەکراو(ڕاڕایی کۆنترۆڵ نەکراو) (OCD)د.مەهدی محمد——————— 📍وەک یەکێک لە باوترین و بەربڵاوترین ئاڵۆزییە دەرو...
18/07/2026

وەسواسیی کۆنترۆڵنەکراو(ڕاڕایی کۆنترۆڵ نەکراو) (OCD)

د.مەهدی محمد
———————

📍وەک یەکێک لە باوترین و بەربڵاوترین ئاڵۆزییە دەروونییەکان لە جیهانی پزیشکییدا پۆلێن دەکرێت کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە مرۆڤەکان پێوەی دەناڵێنن. ئەم دۆخە تەندروستییە سنوورێکی تەمەنی دیاریکراوی نییە و گشت قۆناغەکانی ژیان دەگرێتەوە ، لە منداڵان و مێردمنداڵانەوە تا دەگاتە گەنجان و بەساڵاچووان، بە شێوەیەک کە ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن ڕێژەی تووشبوون پێی لە ٢٪ی دانیشتووانی هەر کۆمەڵگە و نەتەوەیەک تێدەپەڕێت.

📍کاتێک لە نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە ورد دەبینەوە، دەبینین گرنگیدانی بێ شومار و لەڕادەبەدەر بە پاکوخاوێنی و ترسێکی تۆقێنەر لە پیسی هەیە. ئەم دڵەڕاوکێ و ڕاراییە دەروونییە لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی گوازراوە، وادەکات کەسی توشبوو بەبێ هەبوونی چەمکێکی لۆژیکی یان هۆکارێکی عەقڵانی، زیاتر لە ١٠ جار دەستەکانی بشوات، یان دەستنوێژ بگرێتەوە و سەردانی حەمام بکات ،ئەمەش تەنیا لەبەر ڕەفتار و خوویەکی گشتگیربووی وەسواسییە کە بەردەوام خۆی دووبارە دەکاتەوە.

📍لایەنێکی تری ئەم دۆخە، وەسواسیی فیکری، تێکچوونی سەرنج و گومانکردنی بەردەوامە لە هەموو کایەکانی ژیان. کەسی وەسواس زۆرجار بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە چواردەورەکەی بە تەواوی لە پەیامەکەی تێگەیشتوون، وشە و ڕستەکان چەندین جار بە دەنگی بەرز دووبارە دەکاتەوە. هاوکات، پشکنینی چەند جارە و دووبارەی قفڵی دەرگاکان، کوژاندنەوەی سیستمە کارەباییەکان و دڵنیابوونەوە لە کوژاندنەوەی غازی چێشتلێنان، ڕوویەکی تری ئەم ململانێیە دەروونییەن.
📍ئەم جۆرە لە دڵەڕاوکێ ، متمانە بەخۆبوون و تواناکانی تاک لاواز دەکات، کە دەرەنجامەکەی دەبێتە هۆی دروستبوونی سترێسێکی بەردەوام و کێشەی زوو لەبیرچوونەوە. لە پاڵ ئەمانەشدا، مەیلی ڕێکخستنی زۆر و چنینی کەلوپەلەکان بە سیستم و ڕێسایەکی تایبەت و بێ پاساو بەدی دەکرێت، بە جۆرێک ئەگەر کەسێک دەستکاری ئەو سیستمە بکات، تووشبووەکە تووڕەییەکی توندی لێ دەردەکەوێت، لە کاتێکدا بابەتەکە هێندە سادەیە کە شایانی ئەو هەموو کاردانەوە و توڕەییە نییە.

📌سەرەڕای هەموو ئەمانە، لایەنە ئەرێنی و ئومێدبەخشەکەی بابەتەکە لەوەدایە کە تووشبووانی ئەم نەخۆشییە، بە پابەندبوونی باش و بەردەوام بە پڕۆگرام و ڕێڕەوی چارەسەرییەکان، گۆڕانکاری و باشبوونی زۆر گەورە و بەرچاو لە دۆخیاندا ڕوودەدات، بە شێوەیەک کە قۆناغ بە قۆناغ بەرەو چاکبوونەوەی تەواوەتی هەنگاو دەنێن و بۆ هەمیشە لەو خوو و ڕەفتارە وەسواسییە بێزارکەرانە ڕزگاریان دەبێت.

تیۆری پەیوەستبوون: بۆچی هەندێک جار منداڵ زیاتر لە خواردن پێویستی بە خۆشەویستییە؟د.مەهدی محمد ————————————زۆر کەس پێیان و...
01/07/2026

تیۆری پەیوەستبوون: بۆچی هەندێک جار منداڵ زیاتر لە خواردن پێویستی بە خۆشەویستییە؟
د.مەهدی محمد
————————————
زۆر کەس پێیان وایە کە ئەرکی دایک یان باوک تەنها لە تێرکردن و پاراستنی منداڵدا کورت دەبێتەوە، بەڵام دەروونناسیی نوێ جەخت لەوە دەکاتەوە کە منداڵ پێویستی بە شتێکی دیکەش هەیە کە گرنگییەکەی کەمتر نییە لە خواردن ئەویش : هەستکردن بە ئاسایشی سۆزداری.

📌زانای بەریتانی (جۆن بۆڵبی) ئەوەی داڕشت کە بە تیۆری پەیوەستبوون (Attachment Theory) ناسراوە، کە یەکێکە لە گرنگترین ئەو تیۆریانەی ڕوونی دەکاتەوە چۆن کەسایەتی مرۆڤ لە ساڵەکانی سەرەتای تەمەنیەوە دروست دەبێت.
تیۆرییەکە دەڵێت کاتێک منداڵ کەسێکی نزیک لە خۆی دەدۆزێتەوە کە سۆز و گرنگیپێدانی پێدەبەخشێت و وەڵامدەری هەستەکانیەتی، ئەوا لە ناخیدا هەستێکی قووڵی ئارامی و متمانە بە ژیان دروست دەکات.

📌منداڵ پێویستی بە دایکێکی نموونەیی نییە ! بەڵکو تەنیا پێویستی بە مرۆڤێکە کە وای لێ بکات هەست بکات بوونێکی خۆشەویستە، قسەی دەبیسترێت، و لە باوەشێکی پارێزراودایە.
لە مانگەکانی سەرەتای تەمەنیدا، منداڵ وردە وردە دەست دەکات بە پەیوەستبوون بەو کەسەی کە زیاتر لە کەسانی تر چاودێری دەکات، کە زۆرجار دایکەکەیە.
بە تێپەڕبوونی کات، ئەم کەسە دەبێتە ئەو پەناگە ئارامەی کە منداڵەکە پەنای بۆ دەبات کاتێک دەترسێت، دەگری، یان هەست بە دڵەڕاوکێ دەکات.

📌جێگەی سەرنجە کە توێژینەوە زانستیە نوێیەکان سەلماندوویانە کە جۆری کارلێککردن لەگەڵ منداڵدا گرنگترە لە ژمارەی ئەو کاتژمێرانەی لەگەڵیدا بەسەری دەبەین. ڕەنگە باوک یان دایک چەندین کاتژمێر لە تەنیشت منداڵەکەوە دابنیشن بەبێ هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەقینە، لە کاتێکدا تەنها چەند خولەکێک لە یاریکردن، باوەشکردن و تێڕامان لە چاوەکانی منداڵەکە دەتوانێت ئارامییەکی سۆزداریی قووڵ لە ناخیدا دروست بکات.

📌زانست هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە ئامێز گرتن و قسەکردن لەگەڵی بە نەرمی یارمەتیدەرە بۆ:
◀️ ڕێکخستنی لێدانی دڵ و هەناسەدان
◀️ کەمکردنەوەی هۆرمۆنەکانی دڵەڕاوکێ و فشار
◀️ باشترکردنی گەشەی مێشک و کۆئەندامی دەمار
◀️ بەهێزکردنی بەرگری لەش
◀️ گەشەکردنی زمان و زیرەکیی سۆزداری

📌لە بەرامبەریشدا...
فەرامۆشکردن و پشت گوێ خستنی سۆزداریی بەردەوام، هاوارکردنی هەمیشەیی بەسەر یدا، یان ترساندن دەتوانێت شوێنەواری درێژخایەن بەجێبهێڵێت، وەکو:
◀️ لاوازیی متمانە بەخۆبوون
◀️ دڵەڕاوکێی بەردەوام و لەڕادەبەدەر
◀️ لاوازی لە دروستکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا
◀️ مەیلی شەڕانگێزی یان گۆشەگیری توند
◀️ ترس لە شکست خواردن ، یان بەجێهێشتن لەلایەن کەسانی ترەوە

📌یەکێک لە مەترسیدارترین تێگەیشتنە هەڵەکانی نێو کۆمەڵگە، قسەی ئەو کەسانەیە کە دەڵێن:

منداڵ زۆر هەڵمەگرە یان لە باوەشی مەکە با فێر نەبێت !
لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکان پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن ، بەدەنگەوەچوونی منداڵ لە کاتی گریاندا و لەباوەشگرتنی لە ساڵەکانی سەرەتای تەمەنیدا، نەک هەر کەسایەتییەکەی تێک نادات، بەڵکو وای لێ دەکات لە داهاتوودا کەسێکی سەربەخۆتر و متمانەبەخۆتر بێت، چونکە لە ناخەوە فێر بووە کە جیهان شوێنێکی ئارام و باوەڕپێکراوە.

📌ڕۆڵی پڕبەهای باوک

باوکیش پشکێکی گەورە و شێرئاسای بەردەکەوێت لە دروستکردنی ئەم پەیوەست بوونە سۆزدارییەدا. ئەو منداڵەی باوکێکی میهرەبانی هەیە کە گوێی بۆ دەگرێت، یاریی لەگەڵدا دەکات، و لە ڕووی سۆزدارییەوە لێوانلێوی دەکات، زۆرجار کەسایەتییەکی هاوسەنگتری دەبێت و توانایەکی پۆڵاینی دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەختییەکانی ژیان.

📌تێگەیشتن لە هۆگربوونی تەندروست
زۆر گرنگە لەوە تێبگەین:
پەیوەستبوونی تەندروست بە واتای ئاڵوودە بونی نەخۆشانە یان زێدەپارێزی لەڕادەبەدەر نایەت. ئامانجی ئێمە ئەوە نییە منداڵەکە تا هەتایە پاشکۆمان بێت و پشتمان پێ ببەستێت، بەڵکو ئەوەیە هێندە ئارامیی پێ ببەخشین کە بەس بێت بۆ ئەوەی بە متمانەوە هەنگاو بنێتە نێو ژیانەوە.

ئەو منداڵەی هەست بە خۆشەویستیی ڕاستەقینە دەکات، پێویست ناکات تەمەنی خۆی بەسەر ببات لە گەڕان بەدوایدا لە هەموو شوێنێک.
لە کۆتاییدا .....
باوەش بە منداڵەکانتاندا بکەن...
گوێیان لێبگرن...
سەیری ناو چاوەکانیان بکەن کاتێک قسە دەکەن...

سەردانی دەستەی گشتی مافی مرۆڤ دکتۆرە مونا یاقۆ سەرۆکی دەستە و بەڕێز فیض الله محمد ڕاوێژکاری دەستە  سەردانی نەخۆشخانەی دە...
29/06/2026

سەردانی دەستەی گشتی مافی مرۆڤ دکتۆرە مونا یاقۆ سەرۆکی دەستە و بەڕێز فیض الله محمد ڕاوێژکاری دەستە سەردانی نەخۆشخانەی دەروونیی ھەولێر کرد و پێشوازیان لێ کرا لە لایەن بەڕێز دکتور بەکر کوردە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بەڕێز بوتان عبدالرحمن بەڕێوەبەری کارگێری سەبارەت بە بەدواداچوونی بارودۆخی نەخۆشخانەی لەنزیکەوە ئاگادار بوون لەو خزمەت گوزاریانەی پێشکەش بە نەخۆش دەکرێت

ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی دەروونیی ھەولێر

24/06/2026
بە سەرپەرشتی دکتۆر ( بەکر کوردە  ) بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونیی  ھەولێر   کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ پزیشکانی نیشتەجێ ی ...
24/06/2026

بە سەرپەرشتی دکتۆر ( بەکر کوردە ) بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونیی ھەولێر کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ پزیشکانی نیشتەجێ ی دێرین ئەنجامدرا ، بۆ زیاتر خزمەتی نەخۆش

ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی دەروونیی ھەولێر

ئالوودەبوونی مۆبایل: کاتێک هاوسەفەرە بچووکەکە دەبێتە دزە گەورەکەی تەمەندکتۆر مەهدی محمد --------------------------------...
22/06/2026

ئالوودەبوونی مۆبایل: کاتێک هاوسەفەرە بچووکەکە دەبێتە دزە گەورەکەی تەمەن

دکتۆر مەهدی محمد
--------------------------------------
مۆبایلی زیرەک مێژوویەکی دووری نییە کە تەنیا ئامرازێکی سادە بووبێت بۆ پەیوەندیکردن یان ڕاییکردنی چەند ئیشوکارێک، ئەمڕۆ ئەو بووەتە هاوسەفەرێکی هەمیشەیی کە سات بە ساتی تەمەنی مرۆڤ کۆنترۆڵ دەکات. بەیانیان هێشتا چاومان بەتەواوی نەکردووەتەوە، یەکەم کارمان درێژکردنی دەستمانە بۆی، شەوانیش پێش ئەوەی چاو لێک بنێین، دواین دیمەن کە سەیری دەکەین هەر ئەو شاشە بچووکەیە. لە نێوان ئەم دوو وێستگەیەشدا، کاتژمێر گەلێکی زۆری تەمەنمان بە بێدەنگی تێپەڕ دەبن و لەدەست دەچن، بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین.

ڕاستییەکەی، کێشەی سەرەکی خودی مۆبایلەکە نییە ، چونکە ئەو یەکێکە لە مەزنترین داهێنانەکانی مرۆڤایەتی لەم سەردەمەدا و خزمەتێکی بێپایانی بە پرۆسەی فێربوون، پەیوەندی و گەیشتن بە زانیاری کردووە. بەڵکو تەنگژەکە لەوێوە دەست پێدەکات کاتێک بەکارهێنانەکەی لە بڕیارێکی هۆشیارانەوە دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە خوویەکی ناچاری و ئاڵودەبوونێک کە کۆنترۆڵکردنی لەدەست خۆماندا نامێنێت. لێرەوەیە کە چەمکی (ئالوودەبوونی مۆبایل) سەرهەڵدەدات، دۆخێک کە تێیدا کە تێیدا ئامێرەکە دەست بەسەر سەرنج، میزاج و تەواوی ڕەفتاری ڕۆژانەماندا دەگرێت.

📌مۆبایل چۆن کار دەکاتە سەر مێشک؟
————————————————-
مێشکی مرۆڤ بە سیستمێکی ئاڵۆز کار دەکات کە پێی دەوترێت «سیستمی پاداشت». کاتێک نامەیەک یان تێبینییەکی نوێمان پێدەگات، یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کارلێک و کاردانەوەیەک(لایک یان کۆمێنێت) بەدەست دەهێنین، مێشک ڕاستەوخۆ ماددەی «دۆپامین» دەردەکات، ئەو هۆرمۆنەی کە پەیوەستە بە بەخشینی هەستی خۆشی، چێژ و هاندان. بە دووبارەبوونەوەی ئەم پرۆسەیە، مێشک ڕادێت و داوای پاداشتی خێراتر دەکات ئەمەش وابەستەیییەکی دەروونیی هێندە بەهێز دروست دەکات کە وا لە کەسەکە دەکات بە بێ هیچ هۆکارێکی ڕاستەقینە، تەنیا لەبەر ڕاهاتن، دەیان جار مۆبایلەکەی بکاتەوە و سەیری بکات.

ئەم حاڵەتە لێرەدا لە خوویەکی سادەوە تێدەپەڕێت و دەبێتە خووەیەکی ڕەفتاریی جێگیر کە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر کەمکردنەوەی توانای بیرکردنەوە، پشووپێدانی عەقڵ و چێژوەرگرتن لە ساتە بێدەنگ و ئارامەکانی ژیانی واقیعیمان.

📌بارگرانی دەروونی و شڵەژانی میزاج
———————————————
یەکێک لە کێشە هەرە بەرچاوەکان کە زۆربەی بەکارهێنەران پێوەی دەناڵێنن، گۆڕانی خێرای باری دەروونی و تێکچوونی میزاجە. بەکارهێنانی بێسەروبەر و لەڕادە بەدەری مۆبایل، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە زیادبوونی دڵەڕاوکێ، سترێس و پەرتبوونی بەردەوامی سەرنجەوە هەیە. مێشکێک کە بە درێژایی کاتژمێرەکانی ڕۆژ لەژێر گوشاری لێشاوی هەواڵ، وێنە و بەراوردکارییە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکاندا بێت، دەرفەتی پێویستی بۆ پشوودان و خۆڕێکخستنەوە نابێت.

جگە لەوەش، بەدواداچوونی بەردەوامی وردەکاریی ژیانی خەڵکی تر لە پشت شاشەکانەوە، وا لە مرۆڤ دەکات کە بەراورد لە نێوان واقیعی خۆی و ئەو وێنانەدا بکات کە دەخرێنە ڕوو. ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستی کەم و کوڕی، بێهیوایی یان ناڕازیبوون لە ژیانی تایبەتی، لە کاتێکدا زۆربەی ئەو دیمەنانەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاو دەبنەوە تەنیا چرکەساتی کاتیی ، ڕێکخرواو و جوانکراوی ژیانی مرۆڤەکانن نەک تەواوی واقیعی ڕاستەقینەیان.

هاوکات، نقومبوونی هەمیشەیی لە جیهانی دیجیتاڵیدا، کوالێتی و قووڵایی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ڕاستەقینەکان لاواز دەکات ، زۆرجار مرۆڤ لە کۆڕی خێزان یان دۆستانیدا تەنیا وەک جەستە ئامادەیە، بەڵام هۆش و عەقڵی لەناو جیهانی شاشە بچووکەکەی دەستیدا بەند کراوە.

📌کاریگەری لەسەر خەو و وزەی جەستە
————————————————
پرۆسەی خەوتن یەکێکە لەو کایە سەرەکییانەی کە بەهۆی بەکارهێنانی درێژخایەنی مۆبایلەوە لە درەنگانی شەودا، ڕووبەڕووی قورسترین زیان دەبێتەوە. ئەو ڕووناکییەی لە شاشەکانەوە دەردەچێت، لەگەڵ سروشتی ناوەڕۆکە ورووژێنەر و پڕ لە تێبینییەکەی، وا دەکات مێشک لە حاڵەتی هۆشیاری و ئامادەیی تەواودا بمێنێتەوە لە جیاتی ئەوەی ئامادەکاری بکات بۆ حەوانەوە، پشوودان و خەوتن.

کەمخەویش تەنیا وزەی جەستەیی سست ناکات، بەڵکو کاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆ دەخاتە سەر تێکچوونی باری دەروونی، زوو هەڵچوون و تووڕەبوون، دابەزینی توانای بڕیاردانی دروست و کەمبوونەوەی ڕێژەی سەرنجدان لە کاتی کارکردن یان خوێندندا.

📌کاتێک تەمەن بە بێدەنگی بە فیڕۆ دەچێت
—————————————————
مەترسیدارترین و زیان بەخشترین لایەنی ئالوودەبوونی مۆبایل ئەوەیە کە کاتەکانمان بە هێمنی و هێواشی دەدزێت. زۆرجار کەسەکە تەنیا بۆ مەبەستی خوێندنەوەی یەک نامە دەچێتە ناو مۆبایلەکەی، بەڵام دواتر خۆی لە نێوان ئەپڵیکەیشنەکاندا ون دەکات و پاش تێپەڕبوونی کاتژمێرێک بەئاگا دێتەوە کە هیچ کام لەو کارە گرنگانەی لە بەرنامەیدا بوون، جێبەجێی
نەکردوون.

کات، سەرمایەی ڕاستەقینە و بێ جێگرەوەی مرۆڤە و هەر بەشێکی بڕوات، هەرگیز ناگەڕێتەوە. لێرەوە دەردەکەوێت کە کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی مۆبایل تەنیا بابەتێکی سادەی پەیوەست بە ڕێکخستنی کات نییە، بەڵکو پاراستنی تەمەن، سەرنج و پاراستنی وزەی هۆش و ژیانی مرۆڤ خۆیەتی.

📌چۆن جڵەو و کۆنترۆڵی بەکارهێنانی مۆبایل بگرینەوە دەست؟
——————————————————
بێگومان ڕێگای چارەسەر لە بایکۆتکردن و فڕێدانی مۆبایلدا کورت نابێتەوە، بەڵکو لەوەدایە کە مۆبایلەکە بگەڕێنینەوە بۆ پێگە و قەبارەی ڕاستەقینەی خۆی وەک ئامرازێکی یارمەتیدەر بۆ خزمەتی مرۆڤ. لە نێوان ئەو هەنگاوە کردارییانەی کە دەبنە هۆی دروستبوونی گۆڕانکاریی ڕیشەیی:

◀️دیاریکردنی کاتێکی دیاریکراو و سنووردار لە ڕۆژدا بۆ بەکارهێنانی بەرنامەی کات بەسەربردنەکان.

◀️دوورخستنەوەی مۆبایل لە ژووری خەوتن بۆ گەرەنتی کردنی خەوێکی تەندروست.

◀️کوژاندنەوە و بێدەنگکردنی تێبینی و نامە (Notifications) ناپێویستەکان.

◀️ تەرخان کردنی کاتژمێری تایبەت لە ڕۆژدا کە تێیدا مرۆڤ بە تەواوی دوور بێت لە جیهانی شاشەکان.

◀️ ئەنجامدانی چالاکییە زیندووەکانی وەک خوێندنەوەی کتێب، مۆسیقا، وەرزش و پەرەپێدانی دیداری ڕاستەوخۆ لەگەڵ مرۆڤەکانی دەوروبەرمان.

لەکۆتاییدا، شایستەی تێڕامانە هەر یەکێک لە ئێمە لە ناخی خۆیدا ئەم پرسیارە بکات:
ئایا من بەکارهێنەری ڕاستەقینەی مۆبایلەکەمم، یان مۆبایلەکەم بەکارهێنەری کات، سەرنج و تەمەنی منە؟

Address

هەولێر/شەقامی ٦٠ مەتری ، نزیک بەرزە پردی شۆڕش
Irbil

Website

Alerts

Be the first to know and let us send you an email when Hawler Psychiatric Hospital-نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر posts news and promotions. Your email address will not be used for any other purpose, and you can unsubscribe at any time.

Contact The Practice

Send a message to Hawler Psychiatric Hospital-نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر:

Shortcuts

Share

Category