Didan Abdalrahman Ismael

Didan Abdalrahman Ismael مرۆڤ مەخلوقێکی شکۆمەندە، تا کاتێک بەشکۆوە لەخۆی دەڕوانێت.

07/06/2026

بەشێک لە خەڵک وا دەزانن قسەکان تەنها دەنگن و لە هەوا ون دەبن، بەڵام لە دونیای پەروەردەدا هەر وشەیەک وەک تۆوێکە کە لە ناخی منداڵ دەچێندرێت. قسەی نەگونجاو و نابەرپرسانە، پێش ئەوەی هەستی منداڵ بریندار بکات، متمانە بەخۆبونی لێ دەستێنێتەوە.

منداڵ لەم تەمەنە دیاریکراوەیدا جیهان لە چاوی گەورەکانەوە دەبینێت. لەم نێوەندەدا کاتێک زمانی گەورەکان دەبێتە ئامرازی ڕەخنە و سووکایەتی و ناڕەزایی، پەروەردەیەک کە ساڵانێک کەسایەتی مرۆڤی بنیات ناوە، لە چەند چرکەیەکدا دەکەوێتە مەترسییەوە.

بۆیە گەورەترین بەرپرسیارێتی ئێمە ئەوەیە پێش ئەوەی قسە بکەین، بیر لەوە بکەینەوە کە وشەکانمان لە زەین و داهاتووی کام منداڵدا جێگیر دەبن و لە داهاتودا دەبنە ناسنامەی چەند منداڵ و قەفەس ئاسا کۆتیان دەکات.

03/06/2026

نمرە ناتوانێت قووڵی بیری مرۆڤێك بپێوێت
"نمرە تەنها ئامرازێكە بۆ هەڵسەنگاندنی وەڵامدانەوەی ساتێك نەک بڕیار لەسەر توانا"

تاقیکردنەوەکان تەواوبون و کاتی وەرگرتنەوەی نمرە و ئەنجامەکانە. لەم ڕۆژانەدا زۆرێك لە دایك و باوكەكان، چاوەڕوانی ئەو ساتە دەکەن كە منداڵەکانیان بە ئەنجامەوە دەگەڕێنەوە بۆ ماڵ تا ڕاستەوخۆ بپرسن، “چەندەم بویت، چەندت هێنا” لەبەرامبەردا کەمترین كەس پرسیار دەكات: “منداڵەکەم ئەمساڵ چەند فێربووە؟” “چەند گۆڕاوە؟”
”تا چەند فێری ڕێزگرتن بوە و چەند فێری مرۆڤایەتی بووە؟”

ئێمەش هاوڕاین، نمرە ئاستی قوتابی دیاری دەکات بەڵام تەنیا ئاستی وەڵامدانەوەی قوتابی دیاری دەکات، نەک ئاستی بیركردنەوەی. نمرە، تەنها ئامرازێكە بۆ هەڵسەنگاندنی بیركردنەوەی ساتێک، بەڵام ناتوانێت قووڵی بیری مرۆڤێك بپێوێت. نمرە ناتوانێت پێمان بڵێت ئەم منداڵە چەند دڵپاکە،چەند بەهێزە، یان چەند ئامادەیە بۆ ژیان.

کەواتە کاتێك منداڵێك ئەنجامێكی لاواز بەدەستدەهێنێت، یەكەم شت كە پێویستە دایك و باوك تێیبگەن، ئەوەیە كە منداڵ پێش ئەوەی لە وتە و توانجی باوانی بترسێت، زۆرجار لە ناو خۆیدا هەست بە شكان و بە شكست دەكات. منداڵ پێش ئەوەی دەرگای ماڵەوە بکاتەوە، لە ناو خۆیدا پڕ دەبێت لە هەستی ترس و نیگەرانی و لە خۆی دەپرسێت:
“ئایا دایک و باوکم توڕە دەبن؟”
“ئایا ناڕازی دەبن لێم؟”
“ئایا هێشتا شانازی بە منەوە دەکەن؟”
لەم دۆخەدا، منداڵ پێویستی بە دەنگێكی ئارام هەیە، نەک تووڕەیی پێویستی بە دەستگرتن و ڕێنیشاندان هەیە، نەک بە تێکشکاندنی متمانەی. لە زانستی دەروونناسیدا ئەمە پێ دەوترێت “emotional safety”؛ واتە منداڵ هەست بکات کە تەنانەت لە کاتی هەڵەشدا هێشتا شوێنێکی پارێزراوی هەیە لە دڵی باوانیدا.

هەڵەیەكی گەورەی سیستەمی پەروەردەش ئەوەیە تاکەکان وا فێربوون کە نمرە بە بەهای مرۆڤ ببەستنەوە. لە كاتێكدا نمرە، تەنها ئامرازێكە بۆ هەڵسەنگاندنی وەڵامدانەوەی ساتێك، نەک بڕیار لەسەر توانا، کەسایەتی و داهاتووی مرۆڤێك. منداڵێك كە ئەمڕۆ بەپێی پێوەری باوان و نموونەیی بوونی کۆمەڵگا نمرەیەکی کەمی هێناوە، لەوانەیە سبەینێ مرۆڤێكی گەورە، داهێنەر یان کەسێكی لێ دەربچێت كە بتوانێت ژیانی خۆی و کۆمەڵگاش بگۆڕێت.

- بۆیە کاتێك منداڵەکەت بە ئەنجامێکی لاواز دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکە:

🔹١/ سەرەتا لە بەرگی ترس بیهێنەرە دەرەوە و ڕاستەوخۆ سەرنج مەخەرە سەر نمرە کەمەکان بەڵکو سەرەتا سوپاسی بکە بۆ کۆششی ئەم ساڵی کە هەموو ڕۆژێک کۆششی کردوە و لەخەو هەستاوە و خۆی ماندوو کردوە. دواتر سەرنج بخەرە سەر نمرە بەرزەکان و سوپاسی بکە بۆ ئەو ئەنجامە باشانە.

🔹٢/ کەسایەتی منداڵ و نمرە جیابکەرەوە.
لەبری ئەوەی ڕاستەو خۆ هێرش بکەیتە سەر کەسایەتی منداڵەکەت و بڵێیت «بۆچی خراپ بوویت؟»
پرسیاری ئەوەی لێ بکە: «چی ڕوویدا کە ئەنجامەکان بەم شێوەیەن؟ چۆن دەتوانین پێکەوە ئەم ئەنجامانە باشتر بکەین؟»
واتا لەبری تۆمەتبارکردن، گوێی لێ بگرە. لەبری هەراسانکردن، دووبارە متمانەی پێبکە. لەبری بەراوردکردنی بە منداڵانی تر، یارمەتی بدە خۆی بدۆزێتەوە.
فەیلەسوفی یونانی ئەرستۆ Aristotle پێی وایە کە بەهای مرۆڤێک بە تاکە کردارێک دیاری ناکرێت. ئەمە بۆ نمرەی منداڵەکەشت ڕاستە چونکە نمرە:
* ناسنامەی منداڵەکەت نییە!
* بەهای منداڵەکەت نییە!
* نمایندەی ئایندەی منداڵەکەشت ناکات!

دایک و باوک دەبێت لەبری سەرزەنشت کردن بە ڕوونی بە منداڵەکەیان بڵێن: “ئەم نمرانە تەنها زانیارییەکن دەربارەی ئاستی هەوڵدانت لەم بابەتەدا، نەک بڕیار لەسەر ئەوەی تۆ کێیت.”
ئەو دێڕە متمانەی ناوخۆی منداڵ دەپارێزێت.

🔹٣/ پرسیاری “بۆچی” بگۆرن بۆ “چۆن”
لێپرسینەوە بە ئامرازی پرسی “بۆچی؟” زۆرجار منداڵ دەخاتە دۆخی خۆپاراستندا لەم نێوەندەشدا بە دوای بەهانەیەکدا دەگەڕێت تا خۆی ڕزگار بکات و بیکاتە ڕوپۆشی خۆپارێزی لەو پرسیارانەی وەک تیر ئاڕاستەی دەکەیت بۆیە گوێ بیستی ئەم وەڵامانە دەبیت:
* “نەمدەزانی”
* “هاوڕێکانیشم خراپ بوون”
* “من هەر ئەوەندە دەتوانم”
* “حەزم لە خوێندن نیە، وازم لێبێنن”

بەڵام پرسیاری “چۆن” دەرگای چارەسەر دەکاتەوە بۆ نمونە:

* “چۆن بەیەکەوە ببینە تیمێک و ئەم ئاستە بەرز بکەینەوە؟”
* “ چۆن کاتەکانمان ڕێکبخەینەوە و چۆن پلان دابنێین؟”
* “چۆن ئەم بابەتە ئاسان بکەین تا تێبگەیت؟”
* “چ شتێک یارمەتیت دەدات جارێکی تر؟”
ئەم پرسیارانە منداڵ فێری بیرکردنەوە دەکات، نەک تەنها وەڵامدانەوە.

🔹٤/ پڕۆسەکەت لەبەرچاوبێت، نەک تەنها ئەنجام!
کارۆل دویک لە بیرۆکەی growth mindset ئاماژە بەوە دەکات کە منداڵ کاتێک گەشە دەکات کە هەوڵەکانی بو فێربوون بە نرخ بزانرێت، نەک تەنها نمرەکانی. لەبری ئەوەی بڵێیت
“بۆچی نمرەی «١٠٠» ت نەهێنا؟” پێی بڵێ:
* “بینیم زۆر هەوڵت دا.”
* “لەو بابەتەدا باشتر بوویت.”
* “هەنگاو بە هەنگاو دەتوانیت پێش بکەویت.”

ئەم پرۆسەی هەنگاو بە هەنگاوە و وردبوونەوە لە تەواوی پرۆسەکە هیوای بەردەوامی لە دڵی منداڵدا دروست دەکات و هاوشێوەی فیدباک ڕێنیشاندەرە بۆی تا بزانێت چۆن خۆی چارەسەر بدۆزێتەوە.
🔹٥/ سەیری کەسایەتی منداڵ بکەن، نەک تەنها نمرەکان
پرسیار بکەن:
* ئاخۆ منداڵەکەم ئەم ساڵ بەڕێزتر بووە؟
* متمانەی بەخۆی زیادی کردووە؟
* هاوڕێی باشتری دروست کردووە؟
* فێربوە زیاتر هەوڵ بدات؟

هەندێک جار منداڵ گەشەی گەورە دەکات، بەڵام نمرەکان ناتوانن ئەم پێشکەوتنە کەسییە نیشان بدەن بەهۆی سیستەمی تاقیکردنەوەوە ئەمەش لە دەرەوەی توانای منداڵە، لەم بارەیەوە ئێپیکتیتۆسی فەیلەسوف Epictetus دەڵێت: “هەندێک شت لە دەستی ئێمەدایە، هەندێکیش لە دەستی ئێمەدایە.”

نمرە یەکێکە لەو شتانەی کە هەمیشە و بەتەواوی لەژێر دەستی خۆماندا نییە چونکە نمرەی بەرز بەرهەمی بە تەنیا هەوڵدان نییە، بەڵکو شێوازی تاقیکردنەوە، فشاری دەرونی، هەستی ناوخۆ، تەندروستی جەستەیی، دۆخی خێزانی، ئاستی تێگەیاندنی مامۆستا هتد… کاریگەریان لەسەری هەیە، لەبەرامبەردا ئەو شتانەی لە دەستی ئێمەدایە دەکرێ فێربوون بێت، هەوڵدان بێت، ئارامگرتنبێت هتد…

پێویستە ئەوەشمان بیربێت کە هەندێك منداڵ نمرەی بەرز دەهێنن، بەڵام لە یەكەم بەربەستی ژیاندا دەڕوخێن. هەندێكیش نمرەیەکی ئاساییان هەیە، بەڵام دڵێکی بەهێز، ویژدانێکی زیندوو و بیرکردنەوەیەكی ئازادیان هەیە. کۆمەڵگای ئەمڕۆی مرۆڤایەتیش ئەوەندی پێویستی بە مرۆڤی خاوەن ویژدان ‌هەیە، ئەوەندە پێویستی بو مرۆڤی نمرەدار نییە!

پەروەردەش تەنها ئەوە نییە كە منداڵ فێری وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە و پڕکردنەوەی پەڕاوی تاقیکردنەوە ببێت، بەڵکو پەروەردە ئەوەیە فێرخواز فێری ژیان بکرێت، فێری هەستانەوە دوای شکست، فێری متمانە بە خۆبون و فێری ئەوەی كە بەهای مرۆڤ بە نمرە پێوانە ناکرێت، چونكە لە دواڕۆژدا، منداڵەکانمان نمرە بەرزەکانیان بیرنامێنێت، بەڵكو ئەو هەستەیان بیر دەمێنێت كە لە كاتی شکستدا، ئایا دایك و باوكیان پەنا بوون بۆیان، یان سەرچاوەی ترس.

دیدەن عبدالرحمن
بەڕێوەبەرو پەروەردەکار

30/05/2026

میوانبوین لە بەرنامەی ڕۆژێکی نوێ، بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسێکی گرینگ دەربارەی بازاڕی گەرمی نمرە.

20/05/2026

نمرە و پێوەرەکانی بونەتە هۆی ئەوەی هەندێ کەس نمرە بە بەهای مرۆڤێک ببەستنەوە. لە ڕاستیدا نمرە، تەنها ئامرازێكە بۆ هەڵسەنگاندنی بیركردنەوەی ساتێک، بەڵام ناتوانێت قوڵی بیری مرۆڤێك بپێوێت.

پەروەردەش تەنها ئەوە نییە كە منداڵ فێری وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە بکرێت، بەڵکو پەروەردە ئەوەیە فێرخواز فێری ژیان بکرێت، فێری هەستانەوە دوای شکست، فێری متمانە بە خۆبون و فێری ئەوەی كە بەهای مرۆڤ بە نمرە پێوانە ناکرێت، چونكە لە دواڕۆژدا، منداڵەکانمان نمرە بەرزەکانیان بیرنامێنێت، بەڵكو ئەو هەستەیان بیر دەمێنێت كە لە كاتی شکستدا، ئایا دایك و باوكیان بوون بە پەنا بوون بۆیان، یان سەرچاوەی ترس.

مـــــــن کێـــــــــم..؟پرسیاری ڕاستەقینەی مرۆڤ تەنها ئەوە نییە کە “من کێم؟” بەڵکو پرسیارە قوڵەکە ئەوەیە: «ئایا بەڕاستی...
03/05/2026

مـــــــن کێـــــــــم..؟
پرسیاری ڕاستەقینەی مرۆڤ تەنها ئەوە نییە کە “من کێم؟” بەڵکو پرسیارە قوڵەکە ئەوەیە: «ئایا بەڕاستی ئەوە خۆمم، یان تەنها ئەو شێوەیەی منە کە ژینگە و کۆمەڵگا دروستیان کردووە لێم»

زۆرجار وا هەست دەکەین ناسنامەمان شتێکی جێگیرە، وەک ئەوەی بڕیارەکانمان، ئارەزووەکانمان و باوەڕەکانمان لە ناوەوەی خۆمانەوە سەرچاوە بگرم، بەڵام کە ورد دەبینەوە ڕونتر دەبینین کە زۆربەی ئەوەی بە «من یا خۆم» ناوی دەبەین، ڕەنگە تەنیا دروستکراوی ژینگەی دەوروبەرمان بێت. دەکرێ خێزان، کەلتور، زمان، ئەزموون، ئازار و کۆمەڵگا بە بێ دەنگی شێوەیان پێدابین.

ئەگەر مرۆڤێک بەیانی لە نیشتیمانێکی تر خەبەری ببێتەوە، شوێنێک کە کەس نایناسێت و خۆیشی کەس ناناسێت، ئایا هەمان بیرکردنەوە، هەمان ئارەزو، هەمان ترس و هەمان بڕیارەکانی پێشووی دەبێت؟ یان ئەو «من و خۆیە» نوێ دەبێتەوە بە گوێرەی ئەو ژینگە نوێیە؟

کەواتە دەکرێ ناسنامە شتێکی جێگیر و نەگۆڕ نەبێت، بەڵکو گفتوگۆیەکی بەردەوام بێت لەنێوان ناوەوەی مرۆڤ و دەرەوەی ژیان و ژینگە.

لەوانەیە مرۆڤ بەتەواو نە زادەی ناخی خۆی بێت نە دروستکراوی کۆمەڵگا بە ڕەهایی، بەڵکو دەکرێ تێکەڵەیەکی ئاڵۆزبێت لە هەردووکیان.
بۆیە، ڕەنگە ڕاستترین وەڵام ئەوە بێت کە بڵێین ئێمە خۆمان بە تەواوی ناناسین وەک بوونەوەرێکی ڕەها، بەڵکو تەنها ئەو وێنەیەمان دەناسین کە ژینگە بۆمان دروستکردوە.

کاتێک شوێن، کۆمەڵگا، یان بارودۆخ دەگۆڕێت، «من و خۆم» یش دەکرێت بگۆڕێت.
لەبەر ئەوە، ناسینی «من» لەوەیە کۆتایی نەیات، بەڵکو گەشتێکی دوورمەودابێت..، لەوەیە ژیانیش گەشتی دۆزینەوە و تێگەیشتن لەو «من» ەبێت.

30/04/2026

هەوڵ بدە ئەو ڕووە نادیارەی ناخت، کە لە تاریکیی خۆیدا دەژی، نەبێتە شمشێرێک بۆ برینی دڵی ئەوانی تر، چونکە زۆرجار مرۆڤ بەو بەشە شاراوانەی هەم خۆی و هەم ئەوانی تریش دەکوژێت کە لە پشت ماسکی جوانیدا دەیشارێتەوە. دانایی ئەوە نییە کە بتوانیت دوو ڕوو هەڵبگریت، بەڵکو ئەوەیە تاریکیی ناخت بگۆڕیت بۆ ڕووناکییەک کە کەسی تر بەهۆیەوە بریندار نەبێت.

28/04/2026

هەرگیز لەخۆت پرسیوە: «ئایا ئەمە ئەو گەشتەبوو کە من دەبوو ببم بە گەشتیاری..؟»

تەنها لەبەر ئەوەی بەیەکەوەن مانای ئەوە نییە کە لەگەڵ یەکترن…زۆرجار هاوسەران وا دەزانن ئەگەر لە یەک شوێندا ژیان، بەیەک ڕێ...
27/04/2026

تەنها لەبەر ئەوەی بەیەکەوەن مانای ئەوە نییە کە لەگەڵ یەکترن…

زۆرجار هاوسەران وا دەزانن ئەگەر لە یەک شوێندا ژیان، بەیەک ڕێگادا ڕۆیشتن، لەیەک جێگەدا دانیشتن، ئەوا بەڕاستی لەگەڵ یەکترن. بەڵام ژیان فێرمان دەکات کە نزیکی جەستە، هەمیشە نزیکی دڵ نییە.

لەوەیە هەندێک جار، دۆخی هاوسەران زۆر لەیەک نزیکبێت هەردوکیان یەک تێڕوانینیان بۆ ژیان هەبێت یەک خواست و ئارەزوو، یەک ئامانجیان هەبێت لەوەیە هەردوکیان کار بکەن تەنانەت لەیەک شوێنیشدا کار بکەن، بەڵام هەر یەکەیان خەریکە لە جیهانێکی جیاوازدا ماندوو دەبێت!

تەنها لەبەر ئەوەی لەتەنیش یەکتریەوە ڕێ دەکەن، مانای ئەوە نییە کە بەیەکەوە ڕێگاکە دەبڕن. لەوەیە هەمان ڕێگا بۆ هەریەکەیان دووری جیاوازی هەبێت، ڕاستە لە یەک شەقامدا دەڕۆن، بەڵام ئارەزووەکانیان بەرەو دوو ئاسۆی جیاواز دەچێت.

کەواتە تەنیا لەبەر ئەوەی لەگەڵ هاوسەرەکەت لە تەنیشت یەک و لە یەک جێگادا دەخەون، مانای ئەوە نییە بەیەکەوە دەخەون!
تەنیا لەبەر ئەوەی لەدەوری یەک مێزدا دادەنیشن مانای ئەوە نییە کە بەیەکەوە دانیشتوون!

بەتەنها لە تەنیشت کەسێک وەستان، ئاسانە، بەڵام لەگەڵیدا وەستانە کە واتای پشتگیری دەگەیەنێت.
پێکەوە ڕۆیشتن، ڕووداوێکە، بەڵام هاوڕێیەتی لە ڕێگادا، مانای ژیانە.

لەم دونیایەدا زۆر کەس هاوسەرن، بەڵام هەموو هاوسەرێک هاودڵ نییە، چونکە دڵ، ئەگەر نەگات بە دڵ، جەستەکان هەرچەندە نزیک بن، ڕۆحەکان هێشتا دوورن. لەنێوان دوو مرۆڤدا تا گفتوگۆ و وتویژ هەبێت پەیوەندی بەردەوام دەبێت، بێدەنگی لە پەیوەندیدا بەسادەیی واتا مردنی پەیوەندی، چونکە بێدەنگی لە خۆشەویستیدا، تەنها بێدەنگی نییە، بەڵکو دەستبەرداربوونی دڵێکە کە وازی لە گەیشتن بە دڵێکی تر هێناوە.

تۆ دەستبەرداری ئەو دڵەی تەنیشتت مەبە، چونکە هەندێ دڵ نەهاتوون تەنیا یاوەربن بەڵکو هاتون تا ئەبەد یاربن….
💙🦋💙

⚖️ منداڵ لەنێوان ئەرک و مافدا ⚖️لە کۆمەڵگای ئێستادا، زۆر جار گرنگی زیاتر دەدرێت بە مافەکانی منداڵان، لە کاتێکدا ئەرکەکان...
21/04/2026

⚖️ منداڵ لەنێوان ئەرک و مافدا ⚖️

لە کۆمەڵگای ئێستادا، زۆر جار گرنگی زیاتر دەدرێت بە مافەکانی منداڵان، لە کاتێکدا ئەرکەکان و بەرپرسیارێتییەکانیان بەپەراوێزخراوی دەمێننەوە. ئەم نەهاوسەنگییە دەتوانێت کاریگەری قووڵی هەبێت لەسەر گەشەی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی تاکەکان لە ئایندەدا.

- ماف: فەراهەمکردنی ئاسودەیی و گەشەکردنی تاکە.
- ئەرک: بەرپرسیاریەتییە بۆ سەقامگیری کۆمەڵگا.

لەڕاستیدا، ئەرک و ماف دوو ڕووی یەک دراون، چونکە تەنانەت ئازادی ڕاستەقینەش لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی و ئەرکدا واتای هەیە. منداڵێک کە تەنها فێری مافەکانی دەکرێت بەبێ ئەوەی تێبگات چ ئەرکێکی لەسەرە، وەک باڵندەیەکە کە تەنها یەک باڵی هەبێت، ناتوانێت بە تەواوی ئاسمانی خەونەکانی تەی بکات و دەبێتە مایەی بارگرانی لەسەر خاکی بەرپرسیاریەتی.

ئەو منداڵەی تەنیا بە مافەکانی ئاشنایە لە ئایندەدا دەیەوێت:
- لەسەر ڕێگا و بانی پاک و لەژینگەی پاکدا بژی، بەڵام خۆی بەشداری ناکات لە بنیاتنانی.
- دەیەوێت ئاوی پاک بخواتەوە، بەڵام بیر لە پاککردنەوەی سەرچاوەکان ناکاتەوە.
- دەیەوێت لە دڵنیایی و ئاسایشدا بژیت، بەڵام ئامادە نییە خۆی پارێزگاری لە یاسا بکات.
- دەیەوێت سوود لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان وەربگرێت، بەڵام ڕازی نییە باج بدات.
- دەیەوێت ئازادی قسەکردنی هەبێت، بەڵام ڕێز لە ئازادی کەسانی دیکە ناگرێت.
- ئەم منداڵانە دەبنە کەسانی خۆپەرست کە تەنها بیر لە خۆیان دەکەنەوە. هەستی خۆبەزل زانیان زیاد دەکات.
- هەمیشە چاوەڕوانی ئەوەن کە کۆمەڵگا خزمەتیان بکات. ناتوانن ڕووبەڕووی کێماسی و ناکامڵی خۆیان ببنەوە، چونکە فێری کارکردن و کۆشش بۆ بەدەستهێنانی شتەکان نەبوون.

بەپێچەوانەوەی ئەو منداڵەی هەر لە بچوکیەوە ئاشنادەکرێت بە ئەرکەکانی هەر زوو تێدەگات کە:

- ژیان تەنها وەرگرتن نییە، بەڵکو پێدانیشە.
- هەست بەبەهای خۆی دەکات لە ڕێگەی بەشداریکردن و یارمەتیدانی ئەوانی تر.
- هەستی ئارامگری و چاوەڕوانی گەشە دەکات تیایدا کە ئەمەش بناغەی پێگەیشتنی قووڵتر و تێگەیشتنی ڕوونترە.
- لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە فێری پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی سەرکەوتوو دەبێت.

کەواتە پێویستە منداڵان هەم مافەکانیان بزانن و هەم ئەرکەکانیان:

بۆ نمونە:
ئەگەر مندالێک مافی ئەوەی هەبێت کە ژووری تایبەتی خۆی هەبێت، دەبێت ئەرکی پاککردنەوە و ڕێکخستنی ژورەکەشی لەئەستۆبگرێت.

ئەگەر منداڵ مافی خوێندنی هەبێت، دەبێت ئەرکی کۆششکردن و ڕێزگرتن لە مامۆستایان و هاوپۆلەکانیشی لەئەستۆبگرێت.

ئەگەر منداڵ لەناو کۆمەڵگادا مافی بەشداریکردن و دەربڕینی بیروڕای هەبێت، دەبێت ئەرکی گوێگرتن لە بیروڕای کەسانی دیکە و ڕێزگرتن لە جیاوازیەکانیش فێربێت و لەئەستۆی بگرێت.

ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و خۆشگوزەران بنیاد بنێین، پێویستە منداڵان فێری ئەم هاوسەنگییە بکەین کە لەکوێ مافیان هەبوو لەهەمان شوێنیشدا ئەرکیان هەیە.

Address

Irbil

Website

Alerts

Be the first to know and let us send you an email when Didan Abdalrahman Ismael posts news and promotions. Your email address will not be used for any other purpose, and you can unsubscribe at any time.

Shortcuts

Share