08/07/2026
گرێی سیەکان و وەرگرتنی نموونە (Biopsy): هەڵبژاردنی باشترین ڕێگا
بۆ گرێی سییەکان، وەرگرتنی نموونە لە ڕێگەی دەرزی لە ژێر ئیرشادی سی تی سکان (CT-guided needle biopsy) زۆرجار سادەترین و گونجاوترین بژاردەیە. ئەم پرۆسەیە لەژێر بەنجی موضعي ئەنجام ئەدرێت و ئەتوانێت بە سەلامەتی بگاتە زۆرێك لە گرێیەکان.
پێویستە بزانین کە هەناوبینیی سییەکان (Bronchoscopy) و سۆنەری ناوخۆیی سییەکان (EBUS) دوو تەکنیکی گرنگن بۆ وەرگرتنی نموونە، بەڵام بۆ هەموو نەخۆشێک باشترین و یەکەمین بژاردە نین. ئەوان زیاتر بۆ ئەو گرێیانە بەکاردێن کە بە دەرزی ناتوانین بە ئاسانی پێیان بگەین، بۆ نموونە ئەو گرێیانەی لە ناوەڕاستی (بۆرییەکانی هەوا)دان، یان لیمفەگرێیەکانی ناوەڕاستی سنگ (Mediastinal) و دەوروبەری سییەکان (Hilar). ئەنجامدانی ئەو دوو پڕۆسەیە زۆرجار پێویستی بە هێورکەرەوە (Sedation) ئەبێت، وە لە هەندێك حاڵەتیش پێویستیان بە بەنجی گشتی (General anesthesia) ئەبێت.
بۆیە پێش ئەوەی بچیتە ژێر باری هەر بژاردەیەك کە خراوەتە بەردەمت، بیر لەوە بکەرەوە کە ڕای پزیشکێکی پسپۆڕی شێرپەنجە (Oncologist) وەربگریت. چونکە هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنە (Multidisciplinary assessment) یارمەتیدەر ئەبێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئەو پرۆسەیەی لە ههنگاوی یەکەمدا بۆت ئەنجام ئەدرێت، باشترین بژاردەیە. ئەمە ڕێگری ئەکات لە ئەنجامدانی پرۆسەی ناپێویست و لە دواکەوتنی چارەسەر.
دکتۆر سەرکەوت خۆشناو
پزیشکی ڕاوێژکار بۆ چارەسەری گرێ و نەخۆشیەکانی شێرپەنجە (بەریتانیا)
پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە نەخۆشیەکانی شێرپەنجە
MRCP(UK), FRCP, MRCP SCE in Medical Oncology (UK), MSc and PhD in Oncology (UK), MSc in Medical Education (UKH), MRCP PACES Examiner