11/06/2026
بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان KMCA لەگەڵ کۆلێژی دەرمانسازیی زانکۆی هەولێری پزیشکی، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد.
دوێنێ، ڕێکەوتی ١٠ی ٦ی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی KMCA یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی گرنگی لەگەڵ کۆلێژی دەرمانسازیی زانکۆی هەولێری پزیشکی واژۆکرد، بەئامانجی پەرەپێدانی هاوکاریی زانستی و پراکتیکی لە بواری دەرمان بۆ بەرزکردنەوەی کواڵیتیی کەرتی تەندروستی و دەرمان لە هەرێمی کوردستان.
یاداشتنامەکە لەلایەن بەڕێزان "د. ئازا ئازاد توتنچی" بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان KMCA و "پ.ی.د. هونەر کمال گەردی" ڕاگری کۆلێژی دەرمانسازی، واژۆکرا.
گرنگترین خاڵەکانی ئەم یاداشتنامەیە؛
١. پەرەپێدانی ستاف و ڕاهێنان؛ بە دابینکردنی خولی ڕاهێنانی تایبەت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی ستافی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان KMCA.
٢. هاوکاری و هەماهەنگی لە تاقیگە و توێژینەوە؛ بە بەکارهێنانی ئامێر و تاقیگەکانی هەردوولا بۆ توێژینەوەی زانستیی هاوبەش.
٣. هاندانی خوێندنی باڵا؛ بە کردنەوەی کورسی ماستەر و دبلۆمی باڵای پیشەیی لە بوارەکانی کۆنتڕۆڵی جۆریی.
٤. پشتیوانیی خوێندکاران و دەرچووان؛ بە ڕەخساندنی دەرفەتی سەردانی مەیدانی و هەوڵدان بۆ دابینکردنی هەلی کار بۆ دەرچووان.
٥. چالاکی زانستیی هاوبەش؛ بە ڕێکخستنی کۆنفڕانس و وۆرکشۆپی زانستی بۆ بڵاوکردنەوەی نوێترین زانیارییەکان.
بەڕێوەبەرایەتیی KMCA
١١ی٦ی٢٠٢٦